رێگەیان پێنادرێت دروێنە بکەن

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن

964+

کاروان ساڵحى – کەرکوک

جوتیارانى کوردى ناحیەى سەرگەڕان و پەلکانە، لەلایەن سوپاى عێراقەوە رێگایان پێنادرێت درەوى دەغڵودانەکانیان بکەن، دەشڵێن، “شوێنەکانمان بۆ عەرەبى هاوردە جێناهێڵین”.

ئەحمەد عەزیز، جوتیارێکى گوندى پەلکانەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: سوپا هۆشدارى پێداوین کە بەرهەمى گەنم و جۆکانمان نەدورینەوە.

وەک ئەوەى ئەو جوتیارە باسى دەکات، دەبوو تائێستا دروێنەى جۆکانیان کردبا و ئێستا کاتى دروێنەى گەنمە، بەڵام رێگە نادەن دەڕاسە ببەن بۆ دروێنەکردن و ئەو بارانەش 50%ـى بەرهەمەکەى لەناو بردوون.

محەمەد ئەمین، نوێنەرى جوتیارانى ناحیەى سەرگەڕان بە 964ـى وت،”زەوى ئەو گوندانەى سەرگەڕان تاپۆى رەشى جوتیارانى کوردن، بەڵام حکومەتەکانى عێراق لە چوارچێوەى پڕۆسەى تەعریبدا لە ساڵى 1975 بریارى 949یان دەرکرد و خەڵکى 10 گوندى سنورەکەیان دەرکرد و لە 1987 بەشێکى دیکەى خەڵکى گوندەکانیان دەرکرد و عەرەبى هاوردەیان هێنا، بەڵام لەدواى ساڵى 2003 گەڕاینەوە بە هیواى ئەوەى لە دواى نەمانى رژێم مافەکانمان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام حکومەتى عێراق خۆى لە چارەسەر دەدزێتەوە”.

ئێستا جوتیارانى کورد لەو سنورە چاوەڕوانن رێگەیان پێبدرێت تا بەرهەمەکانیان هەڵگرنەوە و رەنجەڕۆ نەبن.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

جوتیارەکانی ناحیەی سەرگەڕان ئازاد کران

جوتیارەکانی ناحیەی سەرگەڕان ئازاد کران