رووبەرەکەی 98 دۆنمە
دروستکردنی عەلوە گەورەکەی ئاکرێ چووە بواری جێبەجێکردن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە ئاکرێ دووەم گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی عێراق بە تێچووی 22 ملیۆن دۆلار چووە بواری جێبەجێکردنەوە، عەلوەی ئاکرێ پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانە و حکومەت دەیەوێت بۆ پاڵپشتیکردن لە جوتیاران جێبەجێی بکات.
عەلوەکە بە تێچووی 22 ملیۆن دۆلار، لەسەر رووبەری 98 دۆنم زەوی دروستدەکرێت، بەرهەمی جوتیارانی تێدا کۆدەکرێتەوە و بەبازاڕ دەکرێت.
موزەفەر شاکر، بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە و بە پێگەی فەڕمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وتووە، جوتیاران بەرهەمی زۆریان هەیە، لە جیاتی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە هەولێر و موسڵ و شوێنی تر بەبازاڕ بکەن، ئێرە بۆیان دەبێتە بازاڕێکی سەرەکیی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، سەرجەم دانیشتووانی ناوچەکە، لە قەندیلەوە تاوەکوو بەردەڕەش و بارزان لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن، عەلوەکە پێکدێت لە ساردکەرەوە، کۆگا، دوکانی بازرگانی، چێشتخانە و عەلەف.
قەزای ئاکرێ تاوەکو ئێستا شەش عەلوەی سەوزە و میوەی هەیە، و 33 شوێنی عەلافی هەیە، بڕیارە سەرجەمیان بگوازرێنەوە ئەو عەلوە نوێیە، بۆ هەر عەلوەیەک شوێنێکی 350 دەکرێتە دوکان، بۆ عەلافەکان 250 مەتر دەکرێتە دوکان.