هۆکارەکەی چییە؟

بۆ ئەم جەژنە کڵاش هەرزان بووە بەڵام کڕیاری نییە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

کڵاشفرۆشەکانی ناوبازاڕی سلێمانی دەڵێن، بۆ ئەم جەژنە لەگەڵ ئەوەی نرخی کڵاش هەرزان بووە، بەڵام بازاڕیان کەمە و کەم کەس کڵاش دەکڕن.

جەژنی رەمەزان بۆ دوکاندارەکانی فرۆشتن و دروستکردنی کڵاش دڵخۆشکەر بوو، چونکە پێیان وابوو بازاڕێکی گەرمیان دەبێت، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن وادەرنەچوو.

وەستا محەمەد عەبدوڵا، کە وەستای دروستکردنی کڵاشە و لە هەمان کاتدا لە گەڕەکی سابوونکەرانی سلێمانی دوکانی فرۆشتنی کڵاشی هەیە بە 964ـی راگەیاند، جەژنەکانی رابردوو بەتایبەت 10 رۆژی پێش جەژن رۆژانە دوکاندارەکان لە نێوان پێنج بۆ 15 جووت کڵاشیان دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ لەنێوان دوو بۆ سێ جووت دەفرۆشرێت.

وتیشی،”ساڵی رابردوو لە جەژنی رەمەزاندا نرخی کڵاش لەنێوان 45 بۆ 55 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ لەنێوان 30 بۆ 40 هەزار دیناردایە”.

بە وتەی دوکاندارەکانی سابوونکەران، زۆرینەی ئەو کڵاشەی لەناو بازاڕی سلێمانیدا هەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەهێندرێت.

وەستا محەمەد وتیشی، “سەرەڕای دابەزینی نرخەکەی، بەڵام بەهۆی خراپی ژیانی خەڵک و گوزەران و بێ موچەیی ناتوانن کڵاش بکڕن و هیچ جەژنێک بەو شێوەیە بازاڕی کڵاش خراپ نەبووە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

بازاڕی کڵاش کزە

بازاڕی کڵاش کزە