سێرڤەرەکەیان کوژاوەتەوە

کارتی نیشتیمانی مێرگەسۆر: تا یەکشەممە سەردانمان مەکەن

964+

بەهرە محەمەدئەمین

سێرڤەری فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی مێرگەسۆر بە هۆی کێشەی کارەباوە کوژاوەتەوە و فەرمانگەکە هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە تا یەکشەممە سەردانیان نەکەن.

کێشەکە بەهۆی هەورە بروسکەکەی شەوی دوێنێ سێشەممە روویداوە کە لە تاوەرەکانی کارەبای مێرگەسۆری دا و بەهۆیەوە هێڵی 33 رێزان-مێرگەسۆر-دۆرێ لەکارکەوت.

سێرڤەری کارتی نیشتیمانی پێویستی بە کارەبای 24 کاتژمێرییە ئەگەرنا دەکوژێتەوە، لە حاڵەتی کوژانەوەش پێویستی بە رەزامەندی بەغدا هەیە بۆ دووبارە داگیرساندنەوەی.

رائید رێناس سەعید حەمید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی مێرگەسۆر بە 964ی وت، “کارەبامان چارەسەرکرد، بەڵام بەغدا دەڵێت پێویستە کێشەی کارەبا بە تەواوی نەمێنێت پاشان سێرڤەرەکە دابگیرسێننەوە، چونکە نابێت کە سێرڤەر داگیرسایەوە دووبارە بکوژێتەوە”.

رائید رێناس وتیشی، “لەگەڵ فەرمانگەی کارەبا قسەمان کرد گوتیان نازانین کەی کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت، مۆلیدەش تا یەکشەممە بەرگەی نەدەگرت، بۆیە ناچار لەگەڵ بەغدا قسەمان کرد و سێرڤەرەکەمان کوژاندەوە تا کارەبای نیشتیمانی دێتەوە”.

دەربارەی دووبارەبوونەوەی کێشەکە رائید رێناس وتی، هەرچەندە ئێرە ناوچەیەکی شاخاوییە و هەورە بروسکەی زۆرە، بەڵام زۆر دەگمەن روویداوە و ئەمە یەکەمجارە، تەنیا جاروبار ستوونی کارەبا دەکەوێت، بۆ ئەو حاڵەتانەش پاتریمان هەیە کە بەشی 6-8 کاتژمێر دەکات، بۆیە تا کێشەکە چارەسەر کراوە سێرڤەرەکە نەکوژاوەتەوە.

بە قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکە کارەبا چاک بووەتەوە، بەڵام دەبێت سبەی لەگەڵ بەغدا قسە بکەن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی داگیرساندنەوەی سێرڤەرەکە، بۆیە کێشەکەیان راگەیاندووە تا لە ئەگەری دانەگیرساندنەوەی سیرڤەرەکە هاوڵاتیان رێگای دوور نەبڕن، چونکە زۆرینەی ئەوانەی سەردانی فەرمانگەکە دەکەن لە هەولێر و سۆرانەوە دەرۆن و رێگایان دوورە.

فەرمانگەکە دەڵێت لۆدمان زۆرە و رۆژانە 100 تا 150 کەس سەردانمان دەکەن لە دوو شەفتی کارکردندا، ئەگەر سبەی سێرڤەرەکە بخەینەوە کار دەوام ئاساییە و هەر کەس بێت مامەڵەکەی رایی دەکرێت.

هەورە بروسکە کارەبای بەشێک لە مێرگەسۆری بڕی

هەورە بروسکە کارەبای بەشێک لە مێرگەسۆری بڕی