کێشە بۆ مامۆستایانی گوند دروست ببوو

دانیشتوانی گوندێکی گەرمیان خۆیان رێگای گوندەکەیان چاک دەکەنەوە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

بارانی چەند رۆژی رابردوو رێگای گوندی کوردەمیری لە ناحیەی شێخ تەویل تێکدابوو، بەڵام دانیشتوانی گوند دەستەوەستان نەبوون، ئەمڕۆ بە پیر و گەنجەوە دەتسیانکردن بە چاککردنی رێگای گوندەکەیان، لە کاتێکدا ئەو رێگایە ھاتووچۆی نزیکەی 20 گوندی لەسەرە.

ئومێد ئەحمەد، یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکە بە 964ى وت، “لافاو رێگای گوندەکەی بڕیبوو، رێگای ھاتووچۆی ئێمە و نزیکەی 20 گوندی تر نەمابوو، بۆیە ئەمڕۆ دانیشتوانی گوندی کوردەمیر بڕیارماندا رێگای گوندەکە بەشێوەیەکی کاتی چاک بکەینەوە”.

“مامۆستایانی قوتابخانەی گوندەکەمان لە دەرەوەی گوندەکەوە دەھاتن، رێگایان نەبوو بێن بۆ قوتابخانەی گوندی کوردەمیر، دەبوو ئەوان بھاتایەن تاکو ئەو جێگایەی کە بڕابوو ئێمەش بڕۆشتینایە شوێنیان و دواتر بیانگەڕێنینەوە” ئومێد ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ تەویل بەڵێنی چاککردنی تەواوەتی رێگاکەی پێداوین، بەڵام منداڵەکانمان دوا دەکەوتن لە قوتابخانە بەھۆی نەھاتنی مامۆستاکان، بەشێوەیەکی کاتی خۆمان چاکمان کردەوە تاوەکو لایەنی پەیوەندیدار بەتەواوی بۆمان چاکدەکەنەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی