964 سۆراغى كرد
شێخ جه‌مالى كرپچنه ده‌ڵێت: چاندنى “كه‌نگر”ـه‌كه‌م سه‌ركه‌وتوو بووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌ى پێنج مانگه، جوتیارێكی نموونه‌یی تۆوى كه‌نگرى له گونده‌كه‌یان چاندووه، ئێستا ده‌ڵێت، چاندنه‌كه‌ى سه‌ركه‌وتوو بووه و كه‌نگره‌كان سه‌ریان له زه‌وى ده‌رهێناوه.
جوتیاره‌كه، شێخ جه‌مالى كرپچنه‌یه به یه‌ك له دیارترین جوتیاره‌كانى هه‌رێمی كوردستان داده‌ندرێت و له‌مانگى كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى رابردووه‌وه تۆوى كه‌نگره‌كه‌ى وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك له گونده‌كه‌ى (كرپچنه) چاندووه.
964، سۆراغى ئه‌نجامى ئه‌م كاره‌ى جوتیاره‌كه‌ى كرد و ئه‌و وتى “كاره‌كه‌م سه‌ركه‌وتوو بووه”.
شێخ جه‌مال، به 964ـى وت “یه‌كه‌م چاندنى تۆوى كه‌نگر ماوه‌ى سێ ساڵى پێده‌چێت تا پێده‌گات و بۆ خواردن به‌كار دێت، چونكه پێویسته ره‌گى كه‌نگره‌كه قوڵ بێته‌وه به‌ناو زه‌ویدا، ئه‌مه‌ش كاتى پێویسته”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه تا كه‌نگر به‌یه‌كجارى له‌ناو نه‌چێت، چونكه ساڵانه به‌هۆى به‌كارهێنانى قڕكه‌رى گژوگیاوه له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه به‌شێكی زۆرى كه‌نگره‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌ناو چوونه.
ئه‌وه‌ى شێخ جه‌مال وه‌ك تاقیكردنه‌وه چاندوویه‌تى بڕى 60 كیلۆگرام تۆوى كه‌نگر بووه، به‌ڵام ده‌ڵێت “دواى ئه‌وه‌ى دڵنیابوومه‌وه له سه‌ركه‌وتنى تاقیكردنه‌وه‌كه بۆ ساڵى داهاتوو پڕۆژه‌كه فراوانتر ده‌كه‌م و رووبه‌رى زیاتر به تۆوى كه‌نگر ده‌چێنم”.
كه‌نگر، وه‌ك خواردنێكی رووه‌كى و گیایی له وه‌رزى به‌هار له زه‌ویه دێمی و ناو ده‌غڵودان و خاكى چیاكان بە شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه سه‌رده‌رده‌هێنێت و له ناندێنی ماڵه‌كانیشدا به چه‌ندین شێواز وه‌ك خواردن ئاماده ده‌كرێت، ئه‌مه‌و جگه له‌وه‌ى كه تۆوه‌كه به وشككراویش وه‌ك چه‌ره‌زات به‌كارده‌هێندرێت.