بوو بە حەوتەمین بانک

وەزارەتی دارایی ناوی بانکی TBI بۆ لیستی “هەژماری من” زیاد کرد

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، “ئێستا بانکی TBI زیادکراوە بۆ فۆرمی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە هەژماری من”.

وەزارەتی دارایی دەڵێت: بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) دەبێت بە حەوتەمین بانکی پڕۆژەی “هەژماری من”، فەرمانبەران و مووچەخۆران سەرپشکن لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆیان و بانکی زیاتریش بەڕێوەن.

ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی دارایی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە بانكی بازرگانیی عێراق ناسراو به‌ TBI راگەیەنراوێکدا دەڵێن، “بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران محه‌مه‌د شیاع سودانی، سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکەکە لە پرۆسەی به‌ بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق  وەفدێکی تایبەتمەند لە بانکی بازرگانیی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێر لەگەڵ شاندێکی تایبەتمەند لە حکومەتی هەرێم لە پارێزگای هەولێر سەبارەت بە میکانیزمی به‌بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکەکە کۆبوونەوە، لە ماوەیی كۆبوونەوەكه‌دا پێداویستییەکانی پرۆسەی کردنەوەی ئەکاونت، دەرکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکی (ATM) لە سەرتاسەری هەرێم قسه‌وباسی لێكرا”.

چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنەکەی بانکی بازرگانی عێراقی، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ 16 کەس داوای فۆڕمیان کردووە بۆ ئەوەی لە بانکی TBI هەژمارە بکەنەوە، ئەمڕۆ لیژنەیەکی حکومی لەگەڵ بانکی TBI کۆبووەتەوەو رێکارەکان دەستیپێکردووە.

هاوکات ئەوەشی وت، سێ بۆ چوار لقی بانکی TBI لەهەرێم هەن، هەر ئەمڕۆ رێکارەکانیان دەستپێکردووە، شەش بانکی دیکە لەناو پرۆژەی “هەژماری من”-دان ئەوانیش لەناو پرۆسەکەن.

بانکی بازرگانی عێراقی TBI لە ساڵی 2003 لە بەغدا دامەزراوە، لە هەولێر دوو لقی هەیە، لقی سەرەکی لەگەڕەکی وەزیران بەرامبەر پارکی هەولێر و لقی دووەمی لە ماجدی مۆڵە، لە سلێمانی یەک لقیان هەیە و ئەویش لە گەڕەکی چوارباخە، لە دهۆکیش بەهەمان شێوە یەک لقیان هەیە لە شەقامی بارزانە نزیک تەلەفریک.

وەزارەتی دارایی ناوی بانکی TBI بۆ لیستی “هەژماری من” زیاد کرد