19 هەزار خێزان لە دهۆک بێبەشدەبن لە وەرگرتنی بایەعی
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
تا ئێستا لە پارێزگای دهۆک لە 93%ـی هاوڵاتیان فۆرمی بەشەخۆراکی مانگانەیان نوێکردووەتەوە.
لە کۆی 281 هەزار خێزان تەنیا 19 هەزار خێزان کارتی ئەلیکترۆنییان نوێ نەکردووەتەوە، کۆتا مۆڵەتیش 15.8.2023 بوو بۆ نوێکردنەوەیان.
قەیس وەیس بەرپرسی راگەیاندنی رێکخستنی پسولەی خۆراک بە 964ـی وت، هەرخێزانێک کارتی ئەلیکترۆنی نوێ نەکردبێتەوە بەشە خۆراکی مانگی داهاتووی دەبڕدرێت و هەروەها کارتەکەش کارا نەکرابێت بایەعیەکەیان دەبڕدرێت.
وتیشی، ئەو خێزانانە دەتوانن هەر لە ئێستاوە سەردانی ئەوان بکەن و کارتی ئەلیکترۆنی نوێ بکەنەوە هیچ کێشەیەکیان نابێت لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگی داهاتوو.
بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکە پێویستە کەسەکە ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتیمانی پێبێت.
دهۆک یەکەم پارێزگا بوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دەستنیشانکرا، بۆ گۆڕینی سیستمی پسولەی خۆراک لە کاغەزەوە بۆ کارتی ئەلیکترۆنی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی