هەواڵەکان؛

ئەسانسۆرێک کۆتایی بە ژیانی کرێکارێک هێنا و سماقوڵیش بووەتە رێگا نەخۆشەکە

ژووری هەواڵ

رێگای سماقوڵی، کە ئیدارەى راپەڕین بە هەولێر دەبەستێتەوە، وەکو کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشی درێژخایەنی لێهاتووە و بەردەوام پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، ئەوەتا لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا سێجار چاڵە گەورە و بچووکەکانی سەر ئەو رێگایە چاککراونەتەوە و پینەوپەڕۆ کراون.

******

ئەسانسۆرى باڵەخانەیەکى بازرگانی لە دهۆک، بووە نەگبەتی بۆ گەنجێکی کرێکار لەو شارە و ژیانی لێسەندەوە، بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژى بەرگرى شارستانى دهۆک بە 964ـى وت، رووداوی گیان لەدەستدانەکە لە کاتژمێر 11ـى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ بوو، کرێکارەکە تەمەن 28 ساڵ بوو، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنەکە دەبینن ئەو کرێکارە لە نێوان ئەسانسۆرەکە و دیوارێک گیرى خواردووە و گیانى لەدەستداوە.

******

هەر لەبارەی ژیانی کرێکارییەوە، هەموومان دەزانین کرێکاری کردن زەحمەتە و بەهەموو کەسێک ناکرێت، ئەوەتا جیهاد سابر کرێکارێکی خەڵکی هەولێرە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، ماوەی هەشت ساڵە کرێکاری دەکات و بژێوی ژیان بۆ خێزانەکەی دابین دەکات، بەڵام دەڵێت بەهۆی سەختی کارەکەوە، بیری لەوە کردووەتەوە کارەکەی بگۆڕێت.

******

دابەشکردنی بەشەخۆراکی چوارەمی ئەمساڵ کەمێک دوادەکەوێت، بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی هەولێریش روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە داوە و دەڵێت دواکەوتنەکەی خەتای ئێمەی تێدانییە و لەلای وەزارەتی بازرگانی عێراقە.