"دوای 200 ڕۆژ کارکردن"
پردی داقوق لە کۆتایی قۆناغەکانی نۆژەنکردنەوەدایە و بەم نزیکانە دەکرێتەوە.
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پردی داقوق کە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی سەر ڕێگای سەرەکی کەرکوک – بەغدا هەژمار دەکرێت گەیشتە قۆناغی کۆتایی و لەچەند رژی داهاتوو بەڕووی هاتوچۆکاراندا دەکرێتەوە.
ئەندازیار عەلی ئەکبەر، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانەکانی کەرکوک بە 964ـی وت،” کارکردن لە پڕۆژەکەدا بە تەواوی کۆتایی هاتووە، ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی دواین قۆناغەکانی رازاندنەوە و هێڵکاریی هاتوچۆن و بە زوترین کات پردەکە بە رووی هاوڵاتان و شۆفێراندا دەکرێتەوە، بەمەش کۆتایی بەو ئاستەنگانە دەهێنرێن کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕێگری بوون لە هاتوچۆی شۆفێران.
وەک باسى دەکات، درێژى پردەکە زیاتر لە 1000 مەترە و لە ماوەی 200 رۆژدا جێبەجێکراوە، تێیدا 48 پایەی وێرانبوی ئەو پردە بە ستانداردی سەردەمیانە نۆژەنکراونەتەوە، ئەمەش کوالیتی و سەلامەتی پردەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.
بە تەواوبونی ئەم پردە ستراتیژییە، بەتەواوی کۆتایی بە ئاستەنگ و قەرەباڵغییەکانی چەندین ساڵەی رێگای گشتی نێوان کەرکوک – بەغدا دەهێنێت و سەلامەتی گیانی هەزاران شۆفێر دابین دەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح