جگە لە پشتێنەکەی چواردەوری

هەولێر پلانی نوێی هەیە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی

فەرهاد حەسەن

شارەوانی هەلێر کۆبوونەوەیەکی فراوامی ئەنجامدا و تیایدا پلانی نوێی بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی پایتەخت دانا و دەڵێت ئەمەیان بە ئامانجی پەرەپێدانی ژینگەی شارەکەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا،چەند بڕیارێک دەرکاران، لەوانە دانانی شێوازی نوێ و گونجاو بۆ ئاودانی دار و درەختەکان، بەتایبەتی لە گەرمای وەرزی هاوینەدا، بە مەبەستی پاراستنیان لە وشکبوون.

بایەخدانی زیاتر بە چاندنی نەمام، رێکخستنەوەی پارک و باخچە و دوورگە ناوەندییەکان، لەگەڵ خاوێنکردنەوەی پوش و پەڵاش، هەورەها چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تەواوی شوێنە خزمەتگوزارییەکانی ناو پارکەکان بۆ سوودی هاوڵاتیان.

بڕیاریش درا هەر جۆرە زێدەڕۆییەک لە ناو سەوزاییەکان، دەرگا سەرەکییەکان و چواردەوری پارک و باخچەکان بەگشتی هەبێت، بەبێ جیاوازی لاببردرێن.

هەولێر، ماوەیەکە دەستی بە دروستکردنی پێشتێنەی سەوزاییس کردووە بەدەوری شارەکەدا، پێشتر پارێزگاری هەولێر وتبووی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ستراتیژیی “پشتێنەی سەوزایی” شاری هەولێر بەرەو کۆتایی دەچێت و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم تەواو بوون.

پڕۆژەکە بەسەر هەشت قۆناغی سەرەکیدا دابەشکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە 500 هەزار نەمامی زەیتوون چێندراون.

ئەم دارانەی لەناو پڕۆژەکە دەچێندرێن بە شێوەیەکی زانستی پۆلێنکراون بۆ دوو جۆری سەرەکی، جۆرێکیان بۆ بەکارهێنان و خواردنی رۆژانە و جۆرەکەی دیکەشیان تایبەتە بە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون.

پارێزگار وتیشی “بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، بڕیار دراوە پرۆسەی سەوزکردنەکە تەنیا بە چاندنی زەیتوونەوە سنووردار نەکرێت، بەڵکو دەست دەکرێت بە چاندنی نەمامی فستقیش بێت”.