سەرۆک وەزیرانی دانیمارک: ئەمە روونادات

لە لووتکەی ناتۆ کڕین و فرۆشتنی “گرینلاند” هاتەوە بەرباس؛ وەڵامی یەکلاکەرەوە بۆ ترەمپ

فەرهاد حەسەن

مێتە فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک، هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند، کە هەرێمێکی خاوەن دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەریی سەر بە دانیمارکە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، فرێدریکسن  رایگەیاند، “بێگومان گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە، ئێمە لە سەرەتاوە ئەمەمان راگەیاندووە. ئەمەش روونادات”.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “گرینلاند بە روونی رایگەیاندووە کە نایەوێت ببێتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چاوەڕوانم کە هەمووان رێز لە سەروەریی ئێمە بگرن”.

سەرۆک وەزیرانی دانیمارک ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی هاوکارییەکی سەربازیی باشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە، کە بابەتەکانی پێوەست بە ئاسایش لە ناوچەی جەمسەری باکوور دەگرێتەوە.

جەختیشی کردەوە، حەزدەکەن ئەم هاوکارییە بەرفراوانتر بکەن و دەلێت “تیم کاری تایبەتمان هەیە کە بەدیاریکراوی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەن، بەڵام گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە”.