بەرپرسى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لقى دهۆک بۆ 964:
“دوو پارێزەر لەسەر ئەوەى بە دادوەریان وتووە “برا” بۆ ماوەى 7 کاتژمێر تەوقیف کراون”
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
لەسەر تەوقیفکردنى دوو پارێزەر بۆ ماوەى حەوت کاتژمێر، سەندیکاى پارێزەرانى دهۆک سکاڵاى یاساییان لەسەر دادوەرێک تۆمار کرد.
لەروژی 29.6.2026، دوو پارێزەر کەدانیشتوی پارێزگای دهۆکن و دوسیەیەکیان لەدادگای زاخۆیان هەبووە، کاتێک چوونەتە ژوری دادوەر، بەدادوەریان وتوویانە برا، دادوەرەکەش بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر لەسەر ئەو وشەى برا، دوو پارێزەرەکەى بۆ ماوەى حەوت کاتژمێر راگرتووە.
بەپێى بەدواداچوونى 964 و دواى پرسیارکردن لە ژمارەیەک پارێزەر، ئەو دادوەرە پێش ئەوەى ببێت بە دادوەر، هاوڕێى ئەو دوو پارێزەرە بووە، ئەوانیش بەپێى ئەو پەیوەندییەى لە پێشووتردا هەیانبووە، بە دادوەرەکەیان وتووە برا، بەڵام دادوەرەکە لەو دەستەواژەیە دڵگران بووە و بۆ ماوەى حەوت کاژتژمێر هەردووکیانى راگرتووە و دواتر ئازاد کراون.
لەسەر ئەو بابەتە، دلێر بەکر، بەرپرسى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لقى دهۆک، بە 964ـى وت،” پارێزەران پارێزبەندیان هەیە و نەدەبوو بەبێ ئاگادارکردنەوەى سەندیکا رابگیرێن، چونکە ئەمە پێچەوانەى مادەى 23یە لە یاساى پارێزەرانى کوردستان ژمارە 17ـى ساڵى 1999.
جەختیشى کردەوە کە سکاڵایان تۆمارکردووە و چاوەڕێى ئەنجامى لێکۆڵینەوەن لە ئەنجومەنى دادوەرى کە نابێت ئەم رەفتارە بەرامبەر هیچ پارێزەرێک ئەنجام بدرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح