موقته‌دا گۆڵی له‌ نه‌ورۆز كرد و ده‌ركرا

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

لە خولی تۆپی پێی تازەپێگەیشتووانی یانە پلە نایابەکانی عێراق، یانەی نەورۆز له‌ سلێمانی به‌ یانه‌ی قوه‌ی جەوییە دۆڕا.

له‌ یارییەکانی گەڕی پێنجی خولی تازەپێگەیشتووانی یانە پلە نایابەکانی عێراق، لە کۆمەڵەی دووەمدا یانەی نەورۆز لە یاریگه‌ی زانکۆ له‌ سلێمانی به‌ ئه‌نجامی 0-1 گۆڵ له‌ یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ دۆڕا.

به‌ گشتی له‌ هه‌ردوو گێمی یارییه‌كه‌دا یاریزانانی جه‌وییه‌ باشتر بوون و زیاتر گه‌یشتنه‌ گۆڵی نه‌ورۆز، تایمی یەکەم یانەی میوان باشتر بینران و هەوڵی زۆریاندا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، یانەی نەورۆزیش پشتی بەدژە هێرش بەستبوو، ئەم نیوەیە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

له‌ خوله‌كی 70 موقتەدا واسق تاكه‌ گۆڵی بردنەوەی یارییه‌كه‌ی بۆ جه‌وییه‌ تۆمارکرد، دوای چوار خوله‌كیش له‌م گۆڵه‌، هه‌مان یاریزان به‌ كارتی سوور ده‌ركرت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یانه‌ی نەورۆز نەیتوانی سوود له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی یاریزانانی تیپی میوانی وه‌ربگرێت و ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.

نەورۆز لەم گەڕەشدا تووشی شکستی هات و تەنیا خاوەنی یەک خاڵە و لە دواڕیزبەندی کۆمەڵەی دووەم دێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا