"چەندین جار خەونم پێوەبینیوە"

“لوکی” ئەو سەگەی دوای دوو ساڵ بە خاوەنەکەی شادبووەوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

“لوکی” ئەو سەگەی دوای دوو ساڵ بە خاوەنەکەی شادبووە و ماڵەکەی ئاوەدان کردەوە.

شادی عەلی سەرۆکی رێکخراوی هانای ئاژەڵان بە 964ـی وت، سەگەکەیان لە ئاغجەلەر دۆزیوەتەوە، دوو ساڵ پێش خاوەنەکەی لە سلێمانی بە هاوڕێیەکی خۆی بەخشیوە بەکاتی، دوای شەش مانگ هاوڕێکەی پێیوتووە، سەگەکەت لە ژیاندا نەماوە.

“ماوەیەک پێش ئێستا کەسێک لە ئاغجەلەر ڤیدیۆیەکی بۆ ناردم و وتی، چۆن دەتوانن فریای ئەم سەگە بکەون، کە سەگێکی وێران و دڵشکاو و داماو و ترساو بوو”، شادی عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەگەکە بن ملی شین بووەتەوە و دیارە لەناو باخ بەستراوەتەوە و گازی لێگیراوە و ئەو شوێنە، سەگی کوردی لێبووە.

شادی عەلی ڤیدیۆی سەگەکەی لە ئەکاونتی خۆی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر ئەزیەت و ئازاردانی رەخنەی گرتووە، خاوەنی سەگەکە ڤیدیۆکەی بینیوە و هەرزوو پەیوەندی پێوە کردوون.

خاوەنی ئاژەڵەکە فەرمان عەلیـیە، ئەو دەڵێت، “چەندین جار خەونم پێوە بینیوە و لە یەکێک لە خەوەکانم دەگریا و دەیوت، گەردنت ئازا ناکەم”.

باسی ئەو کاتەش دەکات کە بەیەکتر شادبوونەتەوە و دەڵێت، “لە خۆشیا گریاوم”.