وەزارەتی کارەبا:

“لە 400 ملیار دیناری قەرزی پێش رووناکی خۆشبووین”

شۆڕش قادری

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە 400 ملیار دینار قەرزی پێش رووناکی خۆشبوون و تا کۆتایی ئەمساڵیش کارەبای 24 سەعاتی بۆ هەموو کوردستان دابین دەکرێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، خۆشحاڵە بەوەی کە لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 400 ملیار دیناری قەرزی پێش رووناکی کردووە لەڕێی هەڵمەتی داشکاندنەکەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئێستاکە زیاتر لە 70٪ـی هەموو هاوبەشانی کارەبا لە هەموو کوردستان هیچ قەرزێکی پێش پڕۆژەی رووناکیان لەسەر نییە، ئەوەشی ماونەتەوە و  قەرزیان لەسەر ماوە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێتە قیستی درێژخایەن بۆیان.

وەزارەتی کارەبا پوختەی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی پێش رووناکی بەم شێوەیەی خوارەوە بڵاوکردووەتەوە؛

مانگی ئاب:

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند: 409,486

بڕی لێخۆشبوون (ملیار دینار): 140.91

بڕی کۆکراوە (ملیار دینار): 163.64

مانگی ئەیلوول:

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند: 371,373

بڕی لێخۆشبوون (ملیار دینار): 169.95

بڕی کۆکراوە (ملیار دینار): 216.79

مانگی تشرینی یەکەم:

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند: 170,239

بڕی لێخۆشبوون (ملیار دینار): 92.27

بڕی کۆکراوە (ملیار دینار): 120.18

کۆی گشتی:

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند: 951,098

بڕی لێخۆشبوون (ملیار دینار): 403.13

بڕی کۆکراوە (ملیار دینار): 500.61

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، داهاتی کۆکراوە، بە داهاتی پڕۆژەی رووناکیشەوە، سوودیان لێوەرگیراوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی خەرجییەکانی سێکتەری کارەبا کە لەئێستادا بڕەکەی زیاترە لە 350 ملیار دینار لە مانگێکدا.

داشکاندنەکەی پڕۆژی رووناکی بەڕێژەی 50٪ بۆ هاوبەشی ماڵان و 25٪ بۆ شوێنە بازرگانییەکان بۆ قەرزی کۆنی کارەبا لە رۆژی 3.8.2026 تاوەکو دوێنێ 18ـی ئەم مانگە بەردەوام بوو.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبا تا ئێستا زیاتر لە 90٪ـی هاوڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێی پڕۆژەی رووناکی و تا کۆتایی ئەمساڵیش دەگاتە هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان.