دوو داواکارییان هەیە

بانگەوازی بەپەلە؛ نەخۆشخانەی رۆژئاوا بەدەست قەرەباڵەغییەوە گرفتارە

ئەحمەد مستەفا

نەخۆشانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا ـ هەولێر بەدەست قەرەباڵەغی “ناپێویستی” بەردەم نەخۆشخانەکەیەوە گرفتارە و بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاوڵاتیان کردووە.

دەڵێ، بە قەرەباڵغی و ئاڵۆزیی هاتوچۆ لە بەردەم دەروازەی نەخۆشخانە، رێگری لە هاتوچۆی ئەمبوڵانس و گەیشتنی خێرای نەخۆشە فریاکەوتنەکان دەکات.

ئەمە دەقی دوو داواکاری ئەو نەخۆشخانەیە کە لەراگەیەندراوێکی فەڕمیدا بۆ رای گشتی بڵاویان کردووەتەوە و گەیشتووە بە 964؛

یەکەم: بانگەواز بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان

داوا لە شارەوانی، هاتوچۆ و هێزە ئەمنییەکان دەکەین بە بەپەلە هەنگاوی جدی و کردەیی بنێن، لە رێگەی دانانی مەفرەزەی هاتوچۆ، رێکخستنی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان و تەرخانکردنی رێڕەوی تایبەت بۆ ئەمبوڵانس، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە دواکەوتنێک بکرێت، لە کاتی فریاکەوتندا، هەر چرکەیەک گرنگە و دەتوانێت جیاوازی لەنێوان ژیان و مردندا دروست بکات.

دووەم: پەیامێک بۆ هاوڵاتیان

نەخۆشخانە شوێنی رزگارکردنی ژیانە، بۆیە تکایە ئۆتۆمبێلەکانتان لە بەردەم دەروازەی نەخۆشخانە و رێڕەوی ئەمبوڵانس رامەگرن، تەنیا شوێنی دیاریکراو بۆ وەستان بەکاربهێنن و رێز لە یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ بگرن هەروەها، بە پاراستنی پاکوخاوێنیی دەوروبەری نەخۆشخانە، بەشداری لە دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست و شایستە بکەن.