كه‌س ناتوانێت پشتڕاستی بكاته‌وه‌

ده‌نگۆی مردنی سه‌رۆكی كۆریای باكوور هه‌یه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

میدیاکانی بەریتانیا ئه‌مڕۆ دووشەممە 19.10.2026 لەسەر دەنگۆی پشتڕاستنەکراوه‌ی پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیادا، باسیان لەوە کردووە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هیچ بەڵگەیەک یان پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هه‌واڵه‌.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتانە لەسەر بنەمای پۆستەکانی سەر پلاتفۆرمی ئێکسی وانگ جۆن شیی چالاكوانی ناڕازیی چینی، سەرۆکی “پارتی دیموکراتی چین” بووە.

شی ئه‌وه‌شی باس كردووه‌، کیم کەوتووەتە کۆما و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی بێجین، پێش ئەوەی بە نهێنی مردنەکەی رابگەیەنرێت.

هاوکات ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌‌، چین رێوشوێنی سەربازیی لەسەر سنوورەکان گرتووەتەبەر.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا روونی کردەوە کە ئەم ئیدیعایانە بە تەواوی خاڵین لە بەڵگەی یه‌كلاكه‌ره‌وه و ‌کۆنکرێتی.

هه‌روه‌ها دەزگاکانی راگەیاندنی فەرمی لە پیۆنگ یانگ هیچ باسێکیان لەم راپۆرتانە نەکردووە، دوایین دەرکەوتنی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور لە 13ی ئه‌م مانگه‌ بوو، کاتێک پێشانگایەکی چەکی بەرگریی لە شاری پیۆنگ یانگ کردەوە بە بۆنەی 81 ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار.

دەنگۆی تەندروستی کیم جۆنگ ئون زۆرجار لە کاتی ئامادەنەبوونیدا لە چاوی گشتیدا دەردەکەون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نهێنییە زۆرەی کە پیۆنگ یانگ سەبارەت بە بزووتنەوە و چالاکییەکانی سەرکردایەتی سیاسی خۆی دەیپارێزێت.

هاوكات هاتنه‌پێشی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئێستا په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو كۆریا گرژی تێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێت بارودۆخ له‌سه‌ر سنووری نێوان هه‌ردوو وڵات نائارامه‌.