"سەرۆک وەزیرانی هەرێم رەزامەندیدا"
وەزیری تەندروستی: بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان دابینکرا
کاکەلاو عەبدوڵا
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بە رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێم دابینکرا.
وەزیری تەندروستی دەڵێت، “ئەو دەرمانانەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە چوارچێوەی بودجەی حاكیمە دێت، سنووردارە و بەشی تەواوی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان ناكات بۆیە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێم رەزامەندی دا بە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.”
“بەشێک لە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، كە مافی هاووڵاتییانە، حكومەتی عێراق رەوانەی دەکات، بەڵام بەشی سەرەكیی ئەو پێداویستییانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت.” وەزیری تەندروستی وای وت.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکردووە، دابینکردنی ئەو بودجەیە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە کێشەی کەمی دەرمان لە هەندێک حاڵەتی وەک پڕۆژەی نیشتمانی، ڤاکسین، دەرمانە بایلۆجییەکان و دەرمانە دەگەمەنەکان چارەسەر دەکات.