نەبوونی پارە کێشەی بۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دروستکردووە

964+

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

چەند رۆژێکە یانەکانی خولی نایابی کوردستان خۆیان کۆکردووەتەوە و دەیانەوێت لە ئێستاوە بە باشی خۆیان بۆ خولەکە ئامادەبکەن، تاوەکو ئێستاش کاتی بەڕێوەچوونی ئەم خولە دیارینەکراوە.

سەبارەت بەم بابەتە، کرێکار زرار ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ی وت, یەکێتییەکەمان ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی خولی نایابی کودستان، ئەوەی کێشەی بۆ درووستکردووین نەبوونی پارەیە، ئەمەش وایکردووە نەتوانین کاتی دەستپێکی خولەکە رابگەیەنین، هەرچەندە چەند یانەیەک دەستیان بە ئامادەکاری کردووە.

وتیشی، ئەگەر پارەمان بەدەستبگات سەرەتا یانەی پێشمەرگەی هەولێر پاڵەوانی وەرزی رابردوو خەڵات دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاتە رادەگەیەنین کە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

ئەندامەکەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان وتی: هەموو هەوڵەکانمان دەستپێکردووە، دەبێت ئامادەبین و خول زوو دەستپێبکات، چونکە پاڵەوانیەتی جامی کۆنیفامان لە پێشە و ئێمە میوانداری دەکەین.

جامی کۆنیفا لە ساڵی داهاتوودا دەکرێت و هەرێمی کوردستان میوانداری یارییەکان دەکات، ئەم جامەش تایبەتە بە هەرێمەکان ویارییەکانی لە شارەکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ دەکرێن.

پێداچوونەوە: تونا نەقی