داعش کوژرانی خەلیفەکەی لە سووریا راگەیاند
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
رێکخراوی داعش لە تۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی خەلیفەکەی لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا، راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.8.2023، کەسێک بە ناوی ئەبو حوزەیفەی ئەنساری، کە خۆی بە “وتەبێژی” رێکخراوەکە دەناسێنێت، لە پەڕە فەرمییەکانی ئەو گرووپە چەکدارییە، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە و دەڵێت، خەلیفەکەیان ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قوڕشی لە شەڕێکدا لە ئیدلب کوژراوە.
مێژووی تۆمارەکە و کاتی کوژرانی خەلیفەی رێکخراوەکە نەزانراوە، بەڵام بە قسەی وتەبێژەکەیان، کوژراوەکە هەمان ئەو خەلیفەیە، کە تورکیا مانگی ئایاری ئەمساڵ رایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە جندرێسی عەفرین کوشتوویانە.
بە پێی تۆمارە دەنگییەکە، داعش کەسێکی دیکەی بە ناوی ئەبو حەفسی هاشمیی قوڕشی وەک خەلیفەی نوێی رێکخراوەکە دەستنیشان کردووە.
“وتەبێژی رێکخراوەکە” دەشڵێت، ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قوڕشی لە هەوڵێکدا بۆ بەدیلگرتنی، لەلایەن دەستەی تەحریری شام لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئیدلب کوژراوە.