سەنتەری میترۆ:

“کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە ئاگر و ئاسن چارەسەر ناکرێن”

کوردستان جەلال

سەنتەری میترۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەزموونەکان سەلماندوویانە قسەکردن لەگەڵ هەولێر یان هەر پێکهاتەیەکی نیشتمانی بە زمانی هەڕەشە و هێز کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات و زیان بە بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەکان دەگەیەنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، جا دەستووری یان ئابوری یان ئەمنی بن، بە پلەی یەکەم پرسی سیاسی و مافپەروەرین و ناتوانرێت بە ئاسن و ئاگر یان بە بڕیاری تاکلایەنە چارەسەر بکرێن، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆیەکی ئاشتییانەی جددی کە پابەند بێت بە دەستوور و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانەوە، چارەسەر بکرێن.

سەنتەری میترۆ، دەڵێت، بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ورووژاندنی رقوکینەی نەتەوەیی و تایفەگەریی دەکەین کە زۆرینەی ئەو کەناڵە ئاسمانییانە پەیڕەوی دەکەن کە بە پارەی گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و چیدی سەکۆی میدیایی نین ئەوەندەی بوونەتە ئامرازی هاندەر بەرەو سەرکێشیی سەربازی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکەنەوە.