بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی زەیدی

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق: ئامادەین هێز بنێرینە کەرکوک

ژووری هەواڵ

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت، ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی زەیدی بۆ ناردنی هێز بۆ هەموو ناوچەکان بە کەرکوکیشەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25.11.2026 لیوا یەحیا رەسوڵ بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی وتووە، عەلی زەیدی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانیداوە بە ناردنی یەکە سەربازییەکان بۆ هەموو پارێزگاکان، لە نێویشیاندا کەرکوک.

دەشڵێت، ”فەرمانمان پێکراوە کاری لە پێشینەمان گرتنی ئەو رێگایانە بێت کە نەوتی لێ بە قاچاغ دەبرێت، وەزارەتەکەمان ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە”.

دوێنێ سێشەممە 24.11.2026 عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دژبە بەرهەمهێنانی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی توندی بەرپرسانی هەرێم و هەموو خەڵکی کوردی لێکەوتەوە.