لە دەڤەری راپەڕین
لەسەر دزینی پەلەوەر چوار کەس دەستگیر کران
کوردستان جەلال
چوار تۆمەتبار لەسەر دزینی پەلەوەر لە بێتواتەی سەربە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەستگیرکران کە دوان لە تۆمەتبارەکان پەلەوەرەکانیان لە مەیداندا فرۆشتووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، پۆلیسی بێتواتە بە کەمتر لە دوو کاتژمێر لە تۆمار کردنی سکاڵای هاوڵاتیان، چوار تۆمەتباریان بە تاوانی دزینی پەلەوەر دەستگیر کرد.
دوو لە تۆمەتبارەکان پەلەوەرە دزراوەکانیان لە مەیدانی ئاژەڵانی حاجیاوا فرۆشتبوو
دوای ئەوەی لە رۆژی 24ی ئەم مانگە هاوڵاتیەک لە شارۆچکەی سەروچاوە سەردانی بکەی پۆلیسی بێتواتەی کرد و سکاڵای تۆمارکرد کە لە باخەکەیدا پەلەوری لێدزراوە، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی بێتواتە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادوەر وەرگیراوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیر کردنی تۆمەتباران.
پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی بێتواتە توانیان لە هەمان رۆژ و بە کەمتر لە دوو کاتژمێر لە هەوڵی یەکەمیاندا دوو تۆمەتبار دەست گیر بکەن لە مەیدانی ئاژەڵانی حاجیاوا کە ئەو دوو تۆمەتبارە پەلەورە دزراویەکانیان لە مەیدان فرۆشتبوو ، دوو تۆمەتبارەکان کە لە هەوڵی یەکەم دەستکیرکران بەناوەکانی (ئ.ل.ع لەدایکبووی ساڵی 2008) و (أ.م.أ لەدایکبووی ساڵی 2010 ) کە دانیشتووی سنووری ناحیەی بێتواتەن و لە رەگەزی نێرن، لەبەر دەم پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەکەیان”.
“بۆ رۆژی دواتر سکاڵاکارێکی تر سەردانی بنکەی پۆلیسی بێتواتەی کرد و سکاڵای تۆمار کرد کە ئەویش لە باخەکەیدا پەلەوری لێدزراوە، دوای گرتنە بەری رێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانییاری لە گەڵ دوو تۆمەتبارە دەستکیرکراوەکان، بنکەی پۆلیسی بێتواتە بەهاوکاریی بنکەی پۆلیسی ماکۆک تۆمەتبارەێکی تریان دەستگیر کرد کە دانیشتوی حاجیاوایە بەناوی (م.أ.ح لەدایکبووی ساڵی 2010) لە رەگەزی نێر دانی ناوە بەتاوانەکەی، دواتریش بنکەی پۆلیسی بێتواتە لەگەڵ بەردەوامیی رێڕەوی لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی زیاتر تۆمەتبارێکی تریان دەستگیر کرد کە چوار م تۆمەتبارە و دانیشتووی حاجیاوا بەناوی (ڕ.م.م لەدایکبووی ساڵی 2007) رەگەزی نێر کە ئەویش دانی ناوە بەتاوانەکەی”، پۆلیسی راپەڕین وادەڵێت.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی پۆلیس، “ئێستا سەرجەمیان کە چوار تۆمەتبارن بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە”.