باسی هاوبەشی دەکرێ

بەرپرسێک بۆ شەرقولئەوسەت: پلان نییە بۆ ناردنی هێز بۆ هەرێمی کوردستان

ئەحمەد مستەفا

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە بەغدا هیچ نیازی نییە هێزی سەربازی بنێرێتە هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، لە هەمان کاتدا  وتوویەتی، رێکاری دژەقاچاغ بەردەوام دەبێت و کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان دەبێت بە هاوکاریی نێوان بەغدا و هەولێر و بەپێی دەستوور بێت.

سەرچاوەیەکی فەرمی و دەسەڵاتداری حکومەتی عێراق بۆ رۆژنامەی “الشرق الأوسط” ئاشکرای کردووە کە هیچ بڕیار و پلانێک بۆ جوڵاندنی هێزە سەربازییەکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەکان نییە.

سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە، چارەسەرکردنی کێشەی قاچاغ لە دەروازە سنوورییەکاندا دەبێت لە رێگەی میکانیزمە دەستوورییەکان و بە هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێم لە هەولێرەوە بێت.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە دوای بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم، نیگەرانییەکان لە هەرێم زیاد بوون.

سەرچاوەکە هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە زمانی هەڵچوون دوور بکەونەوە و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چارەسەر بدۆزنەوە.

بڕیارەکانی بەغدا ناڕەزایییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دانایی کردووەتەوە و رەخنەی لە بڕیاردان بە پێی ئارەزووی کەسی گرتووە.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی بەغدای بە “بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەکراو” وەسف کردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی داخراو نییە.

لە لایەکی دیکەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە سەرکردایەتیی شاندێکی حزب، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا داوای کراوە پەرلەمان رۆڵی خۆی لە پاراستنی دەستوور و رووبەڕوبوونەوەی هەر پێشێلکارییەکدا بگێڕێت.