وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق و هەرێم دیاریکرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتووی دیاریکرد، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.7.2023، لە کۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی عێراق، کە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش ئامادەبوو، مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 وەک وادەیەکی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی سەرژمیری دیاریکرا.

بە پێی یاسای بودجەی عێراق، 100 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دیاریکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارەیە بە رێژەی 12.67٪ دیاریکراوە.

بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی پلاندانان، سەرجەم گرفتەکانی پەیوەست بە سەرژمێری لەلایەن حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی یەکلاکراونەتەوە، ھەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی لایەنی دارایی بەردەوامە و ھەماھەنگی ھەیە لەگەڵ سندوقی نیشتەجێبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.