گورچیلەکانى لەدەستداوە
هاوارێک بۆ خێرخوازان؛ هەژارى و نەخۆشى تەنگى بە ماڵێک هەڵچنیوە
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
لەناو ماڵێکى ناحیەى سیتەک، نەخۆشى، هەژارى و ئازار و بێکەسى یەخەى ماڵێکى گرتووە و کە تەنیا ژن و پیاوێک تێیدا دەژین و زۆر جار هاوار و ناڵەى ئازار، دیوارەکانى ماڵەکە دەبرێت و لە دەرەوە گوێت لێى دەبێت.
دیلان محەمەد جەزا، پەیامنێرى 964 چووتە ماڵى کاک شەفیق و شەرمین خان، کە دوو هاوسەرى دنیادیدە و رەنجدەرن، بژێوى ژیانیان لەسەر چاککردنى سەروپێیە بۆ خەڵک، بەڵام کاک شەفیق وا سێ مانگە لەسەرجێ کەوتووە و گورچیلەکانى لەدەستداوە.
شەرمین خان بە چاوى پڕ لە فرمێسک و هەستى بێکەسییەوە باسى حاڵ و گوزەرانى خۆیانى بۆ 964 کرد و وتى،”لەوەتاى هەمە بە هەژارى و نەبوونى رامکێشاوە، هەتا تین و تاقەتم هەبێت دەست لە کەس پان ناکەمەوە، بەڵام وا سێ مانگە شەفیق گورچیلەکانى لەدەستداوە و لە جێگادا کەوتووە و دکتۆر وتویەتى دەبێت هەرچییەکتان کردووە گورچیلەیەکى بۆ پەیدا بکەن”.
شەرمین خان بە قوڵپى گریانەوە وتى،”ئاخر بە پارەى سەروپێ کوا گورچیلە پەیدا دەبێت، هیچم لە دەسەڵات نەماوە نازانم روولە کوێ بکەم، لەلایەک دەبێت سەروپێ چاک بکەم تا دوو نانى پێ بکڕم و لەلایەک دەبێت خەمى خەرجى دکتۆرم بێت”.
ئەو باس لەوە دەکات، هەفتەى رابردوو کاک شەفیقى بردوو بۆ نەخۆشخانە و پارەى فەحسى پێنەبووە، دکتۆریش وتوویەتى،”ئەگەر پارە نەبێت فەحسیش نییە”.
لەوکاتەى شەرمین خان قسەى بۆ 964 دەکرد، مام شەفیق چەندین جار لە تاو ئازار هاوار و ناڵەى لێ بەرز دەبووەوە، شەرمین خانیش دەیگوت، لەتاو شەفیق زەخت و شەکرەى خۆمم بیرچووەتەوە.
ئێستا ئەوان هەموو دەرگایەکیان لێ دراخراوە، ئەوەى شەرمین خان دەیڵێت: تەنیا چاویان لە رەحم و سۆزى خوایە، دەرگایان لێ بکاتەوە و لەو ئازار و نارەحەتییە رزگاریان بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح