وتەبێژی حکومەتی عێراق وا دەڵێ

“دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رێنماییەکی پابەندکارە”

ئەحمەد مستەفا

وتەبێژی حکومەتی عێراق حەیدەر عەبودی رایگەیاند، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی دەستنەبردن بۆی، رێنماییەکی پابەندکاری سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدییە.

عەبوودی لە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم دۆسیە هاوبەشەکانی دیکە جیا کراوەتەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەک بە گفتوگۆ و ناکۆکییەکانی پەیوەست بە پرسەکانی دیکەوە ببەسترێتەوە.

وتەبێژی حکوومەتی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگا و بەرنامەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرتاسەری عێراق.

بەپێی قسەکانی، ئەم بەرنامەیە جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سامان و سەرچاوە نیشتمانییەکان دەکاتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم.