چەند کرێکارێک لە کاتی کارکردن _ وێنە: 964
بۆ کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت
دوا وادەی دەرکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا “UPN” دیاری کرا
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، دوا وادەی دەرکردن و پێشکەشکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا “UPN” بۆ هەموو کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت تاوەکو 31.1.2027 درێژکراوەتەوە.
بەپێی گشتاندنی ژمارە “15977” کە لە 22.10.2026 دەرچووە، هەموو خاوەنکاران و کۆمپانیا و پڕۆژەکان پابەندن ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ خۆیان و کارمەند و کرێکارەکانیان دابین بکەن و پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن.
لە کاتی جێبەجێنەکردنی ئەم رێکارە، مامەڵەکانی خاوەنکار لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی رادەگیرێت و نوسراوی ئەستۆپاکی بۆ دەرناکرێت.
وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی باسی کردووە، ئەم پرۆژەیە ئامانجی دروستکردنی ناسنامەیەکی ئەلیکترۆنی هەژماری من-ە بۆ هەر کارمەند و کرێکاران، بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانیان و پاراستنی مافەکانیان.
لە گرنگترین سوودەکانی ئەم سیستەمەشدا، تۆمارکردنی خزمەت و موچە، رێگرتن لە داتای دووبارە و ساختەکاری، خێراکردنی مامەڵەکان، ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی مافەکانی کرێکاران، بە تایبەتی لە کاتی بێ کاربوون دەبینرێت.
بەڕێوەبەرایەتی داوا لە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکات لە ئێستاوە سەردانی بنکەکانی بایۆمەتری بکەن. هەروەها خاوەنکاران پابەندن مۆڵەت بە کارمەندەکانیان بدەن بۆ تەواوکردنی ئەم رێکارە.
ئەو کارمەندانەی مۆڵەتیان پێنادرێت یان تۆمار نەکراون، دەتوانن لە رێگەی هێڵی هۆشیاری کرێکاران “5500” یان سیستەمی سکاڵای کرێکاران بە ناونیشانی gkrd.krd سکاڵا تۆمار بکەن.