سەردانەکەی فەیاز، دۆخی ئەمنیی لیبیا و هۆشدارییەکانی ترەمپ بۆ ئێران
964+
گرنگترین رووداوە ناوخۆیی و جیهانییەکانی ئەمڕۆ؛ کورت و پوخت چی روویداوە:
📌لە سەردانەکەی دوێنێی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەش*دی شە*عبی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، تەنیا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا (بەتایبەت بودجە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان) لە چوارچێوەی دەستووردا کراوە و ئەنجومەنی وەزیران هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە لە هەندێک دەزگای راگەیاندنەوە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بڵاوکراونەتەوە و وتی، ناڕاست و بێبنەمان.
-شەوی رابردوو بارهەڵگرێک کە بەنزینی 750 دیناری پێبوو ، لە نزیک لۆفەکانی سپیلک وەرگەڕا و بەنزینەکەی بەسەر شەقامدا رژا و بەهۆیەوە ئەمڕۆ شۆفێرانی قەزای مێرگەسۆر بەنزینی 750 دیناری وەرناگرن.
📌لە قەزای هیتی پارێزگای ئەنبار، سێ هاوڵاتی لەناو چاڵێکی ئاوەڕۆدا گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە برینداری رزگار کرا، جەعفەر ئەکبەر، کارمەندی بەرگریی شارستانی بە 964ـی وت، بەهۆی قووڵیی چاڵەکە و بوونی گازی ژەهراوی، سێ کەسەکە پێش دەرهێنانیان خنکابوون
📌کەناڵی ئەی بی سی لە زاری کۆمپانیای فڕۆکەوانیی دێڵتا ئێرلاینزەوە: بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە زیاتر لە 1600 گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیاکە لە ئەمریکا دواکەوتوون.
📌ترەمپ: سۆماڵییەکان بە تەواوی دەستیان بەسەر ویلایەتی مینیسۆتادا گرتووە و نزیکەی 95%ـی دانیشتووانەکەی پشت بە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن.
📌ترەمپ: دیموکراتەکان و ئێران هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە بەرزی بهێڵنەوە، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە نرخی نەوت دابەزیوە.
📌ترەمپ: هەفتەی رابردوو ئێران ژمارەیەک درۆن و مووشەکی هەڵداوە کە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا وێنەی نەبووە.
📌ترەمپ:، چەند دیمەنێکی خۆپیشاندانەکانی ئێرانم بینیوە و داوایان لێدەکەم بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکانیان.
📌ترەمپ: دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئەمڕۆ 81 هەزار خۆپیشاندەریان کوشتووە، هێرشە دوژمنکارییەکانیان زیاتر دەکەن.
📌لە لیبیا گرژییەکی ئەمنیی دروست بووە، دوای ئەوەی بەندەری بەنغازی لە رۆژهەڵاتی وڵات کرایە ئامانج و بەپێی لێدوانی باڵیۆزی رووسیا لە لیبیا، هێرشەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە کراوەتە سەر کەشتییە دەریاییەکانی رووسیا لەو بەندەرەدا؛ هەروەها مۆسکۆ هەڕەشەی ئەوە دەکات کە تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە دەکات، هاوکات، فڕۆکەی نەناسراو کۆگایەکی چەکیان لە نزیک ناوچەی قەرەبۆلی لە تەرابلوسی پایتەخت بۆردومان کردووە.
📌سکای نیوز؛ ئەم رووداوانەی لیبیا کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و هەرێمییان لێکەوتووەتەوە؛ پەرلەمانی لیبیا جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەیان لایەنێک نییە لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و رێگە نادەن خاکیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حساباتی نێوانیان.
📌نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکانی سەر بەنغازی جەخت لە پێویستیی خێراکردنی هەوڵەکان دەکەنەوە بۆ یەکخستنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکانی لیبیا.
📌وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور: پێشنیازی درێژکردنەوەی مانەوەی یەکەیەکی سەربازی لە کەنداوی عەدەن بە مانای بەشداریکردن نایەت لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران.
📌میدیای رووسیا: درۆنەکان هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکانی کۆگاکردنی نەوت لە کۆماری تەتارستانی رووسیا.
📌مەسعەد بوڵس، بازرگانێکی لوبنانی-ئەمریکییە و وەک راوێژکار و کەسایەتییەکی دیاری نزیک لە دۆناڵد ترەمپ ناسراوە و دەڵێت؛ پێویستە ئاگربەستێکی مرۆیی لە سوودان رابگەیەندرێت کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەرەنتیکردنی گەیشتنی هاوکارییەکان، هاوڵاتییانی مەدەنی و کارمەندانی بواری مرۆیی هێشتا بەدەست کارە توندوتیژییەکانەوە لە سوودان دەناڵێنن.
📌لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا، شەمەندەفەرێکی گەشتیاریی کە نزیکەی 96 سەرنشینی تێدابوو، خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشا، بەهۆی پێکدادانەکەوە دوو فارگۆنی یەکەمی شەمەندەفەرەکە لە ڕێڕەو لایداون و بەلایەنی کەمەوە 4 سەرنشین بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.