هۆشداریش دەدات

دوران کاڵکان: هیچ هێزێکی پەکەکە نەماوە کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست بکات

ئەحمەد مستەفا

لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026دا، گەریلاکانی پەکەکە لە ناو خاکی تورکیا و ناوچە هاوسنوورەکان کشاونەتەوە و، بە وتەی دۆران کاڵکان، چیتر هیچ هێزێکیان لەو ناوچانەدا نەماوە کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست بکات.

ئەمە قسەی دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانە و ئەو چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ میدیای پەکەکە هەبوو.

کاڵکان وتی، پەکەکە هەنگاوی گرنگی بۆ دەستپێکردن و پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی ناوە، بەڵام بە بڕوای ئەو، حکومەتی تورکیا هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەیی و گونجاوی بۆ بەردەوامبوونی ئەم پڕۆسەیە نەناوە، ئەو داواکارییەکانی ئەنقەرە بۆ چەکدانانی تەواوەتی بە بێمانا و کاتکوشتن وەسف کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاڵکان رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای تێپەڕبوونی 2 ساڵ بەسەر دەستپێشخەرییەکانی پڕۆسەی ئاشتی، هێشتا هیچ بڕیارێکی روون لەبارەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان و پێگەی ئەو نەدراوە.

ئەو هەروەها وتی، بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، کە لە مانگی ئایاری 2025 بەسترا، پێویستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە، بە وتەی کاڵکان، دەبێت ئازادیی جەستەیی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دابین بکرێت و زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ بەشداریی دیموکراتییانە رەخساندرێت.

کاڵکان لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە بەستنی پڕۆسەی ئاشتی بە کێشە ناوخۆییەکان و بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنی هەڵە لە هەنگاوەکانی پەکەکە و لاوازبوونی هەوڵەکانی ئاشتی.