پیاو بۆی نییە بچێتە ئەوێ
چوارشەممان مەلەکردن لە کانییەکی ئاکرێ تەنیا بۆ ژنانە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
رۆژانی چوارشەممە مەلەکردنی پیاوان لە کانییەکی ئاکرێ قەدەغەیە، لە رۆژەدا تەنیا ژنان و کچان بۆیان هەیە مەلە بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26.7.2023، ڤەهێل فەهمی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە 964ـی وت، خەڵک گلەییان دەکرد لەوەی پیاو و ژن پێکەوە لە کانی زەردک مەلەیان دەکرد، ئێستا بووەتە بڕیار نابێت رۆژانی چوارشەممە هیچ پیاوێک لە کانییەکەدا مەلە بکات.
“هەموو رۆژێکی چوارشەممە، لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی تا 2:00ـی پاش نیوەڕۆ تایبەت دەبێت بە ژنان و کچان”، ڤەهێل فەهمی وای وت.
رۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی هاوینەهەواری کانی زەردک دەکەن و بە وتەی گەشتوگوزاری ئاکرێ، چەندەها ساڵە ئاوی ئەم کانییە بۆ نەخۆشییەکانی پێست بەکاردێت.
“هەر کەسێک نەخۆشی زەردکی هەبێت و مەلەوانی لە ناو ئاوەکەدا بکات و خۆی پێبشوات، یەکسەر چارەسەر دەبێت، گەشتیاری بیانی هەبووە بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی ئەم شوێنەی کردووە”، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئاکرێ وا دەڵێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر