"نەفسییەن باش نەبوون"
لاهور شێخ جەنگى وتەى لێ وەرنەگیراوە؛ شەش لە گیراوان وتەیان داوە
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ئەندامێکى تیمى پارێزەرانى گیراوانى لالەزار، وردەکارى بەڕێوەچوونى دانیشتنى دادییکردنەکەى ئەمڕۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لاهور شێخ جەنگى و پۆڵادى برایى، وتەیان لێ وەرنەگیراوە.
ئاریان بورهان، یەکێک لە ئەندامانى تیمى پارێزەرانى گیراوانى لالەزار بە 964ـى وت،”کاتژمێر 9:15 خولەک دانیشتنەکە دەستیپێکرد، لاهور شێخ جەنگى و 11 گیراو ئامادەیى بوون، وتەى شەش لە گیراوان وەرگیرا، بەڵام بەهۆى ئامادەبوونى کەسوکاریان، گیراوان بەشێکى وتەکانیان بە نوسراو دا بە دادوەر، چونکە نەیانویستووە بەو شێوازەى مامەڵەیەى لەکاتى وەرگرتنى ئیفادەدا بەرامبەریانکراوە، کەسوکاریان بیزانن”.
بەوتەى ئاریان بورهان، لاهور شێخ جەنگى و پۆڵادى برایى و هەردوو رێبوارەکە و گیراوێکى تر وتەیان لێ وەرنەگیراوە.
لەبارە دۆخى تەندروستیانەوە، ئەو پارێزەرە وتى،”جەستەییەن دۆخیان باشبووە، بەڵام نەفسییەن کە ئەشکەنجەدانەکانیان بیرکەوتووەتەوە، دۆخیان خراپ بووە”.
روونیشى کردەوە، بڕیارە رۆژى یەکشەممەى داهاتوو، دانیشتنى داهاتووى دادبینییەکە ئاشکرا بکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح