رۆژهەڵاتى کوردستان

بۆ یادى ژینا ئەمینى دوکانەکان دادەخرێن و مانگرتنى گشتیى رادەگەیەندرێت

وریا فەتاح

ئەم چوارشەممەیە، لە یادى چوارەمین ساڵیادى گیانلەدەستدانى ژینا ئەمینى، لە رۆژهەڵاتى کوردستان مانگرتنى گشتیى رادەگەیەندرێت و بەر و بازاڕ دادەخرێت.

لە پێشوازی چوارەمین ساڵیادی ژینا ئەمینى دا، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا مانگرتنێکی سەرتاسەری و گشتی بەڕێوەببەن.

لە بەیاننامەکەدا، داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە کە رۆژی 16ـی ئەیلوول کە دەکاتە رۆژى چوارشەممەى داهاتوو، بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە مانگرتنی گشتی رابگەیەنن.

ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لەناو میترۆی حەقانی پایتەخت، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا،کەسوکارەکەی هەر ئەو کات دەسەڵاتدارانی وڵاتیان بە کوشتنی ژینا تۆمەتبار کرد، رووداوەکەش خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە.

گیانلەدەستدانى ژینا، بووە هۆى دروستبوونى بزوتنەوەى “ژن، ژیان” ئازادى”، کە وەک دروشمێک سەرتاسەرى کوردستانى گرتەوە.