پڕە لە چاڵ و قۆرتی گەورە

رێگەی مەرزی شوشمێ قیر دەكرێت

964+
محەمەد عومەر

بڕیاردراوە رێگەی مەرزی شوشمێ بە سێ قۆناغ نۆژەن بکرێتەوە، چەند ساڵێکە رێگەکە پڕبووە لە چاڵ و چۆڵ و بەرزی و نزمی.

نۆژەنکردنەوەی رێگەکە لە قۆناغی یەکەم  رێگای بیارە – بەڵخە و قۆناغی دووەم  رێگای بەڵخە – سۆسەکان و قۆناغی سێیەم رێگەی گەڕیات دەگرێتەوە.

حەمید بارام بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە 964ی وت، پەنجاوسێ ملیۆن و پێنجسەد و شەست هەزار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە تەرخان کراوە.

بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە نۆژەنكردنەوەی رێگەكە بکرێت و بڕیارە بە سێ هەفتە تەواو بكرێت.

مەرزی شوشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشانەوە، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە و لە دیوی ئێرانەوە یەكەمین ناوچە كە پێیدەگات شارەدێی پاوە و گوندی هانەگەرمەڵەیە، كە سەر بە پارێزگای كرماشانە.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد