دەستەى دەستپاکى عێراق:

بەڕێوەبەرێکمان لە کاتى وەرگرتنى بەرتیلدا دەستگیرکرد


وریا فەتاح

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێکى لە بەغدا راگەیاند کە لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا و لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل و باجگرتن لە هاوڵاتییان بە “تاوانی بینراو” دەستگیرکراون.

بەپێی راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، وردەکاریی هەردوو کەیسەکە بەم شێوەیەیە:

لە یەکەم ئۆپەراسیۆندا، تیمەکانی دەستپاکی هەڵیانکوتاوەتە سەر “کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی” و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی کۆمپانیاکەیان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکردووە. ئەم بەڕێوەبەرە پارەکەی لە بەرامبەر راییکردن و نوێکردنەوەی گرێبەستی کرێی دوو پارچە زەوی لە پارێزگای دیوانییە وەرگرتووە و کارەکەی بەو پارەیە بەستووەتەوە.

لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا، فەرمانبەرێکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی (لە بەشی زیندانیانی سیاسی) گیراوە. ئەم فەرمانبەرە هەڕەشە و فشاری خستووەتە سەر ژنێک کە خاوەنی مامەڵە بووە و بڕی دوو ملیۆن دیناری وەک بەرتیل لێ سەندووە بۆ ئەوەی رێگە بدات مووچە کەڵەکەبووەکانی بۆ خەرج بکرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی دەستگیرکردنی فەرمانبەرەکەدا، کارتی بانکی (ماستەرکارد)ی ژنەکەش لە گیرفانی فەرمانبەرەکەدا دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.

لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە بە بەڵگە و پارەی بەرتیلەکانەوە رادەستی دادوەری تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی کراون و بڕیاری ڕاگرتن و زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە.