پێنجشەممە دەبارێت

ماڵئاوا گەرما؛ بەخێربێت باران


وریا فەتاح

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژە گەرمەکان بەرەو کۆتایی دەچن و لەم هەفتەیەوە یەکەم شەپۆلی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، هەرێمی کوردستان لە بەیانییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لاوازی بەرزەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، ئەمەش وا دەکات پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە بکەن، بە جۆرێک تا کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو، پلەکانی گەرما بە بڕی (6 تا 8) پلەی سیلیزی دادەبەزن.
سەبارەت بە دەستپێکردنی بارانبارین، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە، کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست ڕوو لە ناوچەکە دەکات. سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و دواتر لە رۆژی پێنجشەممەوە کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر دەبێت و بارانبارین دەستپێدەکات.
شەپۆلی بارانبارینەکە بە پلەی یەکەم لە سنووری پارێزگای دهۆک دەبێت، دواتر بە رێژەیەکی کەمتر دەگاتە هەولێر و بە شێوەیەکی لاوازتریش کاریگەریی لەسەر سلێمانی دەبێت.

پێشبینییەکانی بڕی بارانبارینەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە بەم شێوەیەیە:
پارێزگای دهۆک: 2 بۆ 3 ملیمەتر باران دەبارێت.
پارێزگای هەولێر: 1 بۆ 2 ملیمەتر باران دەبارێت.
پارێزگای سلێمانی: تەنیا 0.5 ملیمەتر (نیو ملیمەتر) باران دەبارێت.