"هیچ رەهەندێکی حزبی نەبووە"

ئەنجومەنی دادوەری لەسەر ئێوارەخوانەکەی “گەنجان ستی” هاتە دەنگ

وریا فەتاح

ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئێوارەخوانێک بڵاوکردەوە کە تێیدا ژمارەیەک لە گەورە دادوەران و بەرپرسانی دادگاکانی هەرێم بەشدار بوون، و رەتیدەکاتەوە ئەو دانیشتنە پەیوەندی بە هیچ بابەتێکی سیاسی یان حزبییەوە هەبووبێت.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەوە لە پەڕەى ئەنجومەنەکە لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە، رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2026، دادوەر (هیمداد مەجید عەلی) لە ماڵی خۆی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “گەنجان ستی”، ئێوارەخوانێکی رێکخستووە و بانگێشتی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، و سەرۆک و دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێری کردووە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم کۆبوونەوەیە وایکردووە ئەنجومەنی دادوەری روونکردنەوە بدات و رایگەیاندووە:،”ئەم دانیشتنە بۆنەیەکی فەرمی نەبووە، بەڵکو تەنیا بانگێشتێکی ئاسایی ئێوارەخوان بووە کە دادوەران لە نێوخۆیاندا وەک نەریتێک پەیڕەوی دەکەن و لە دەرەوەی هەموو چوارچێوەیەکی سیاسی یان حزبی بووە”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی دادوەری جەختی لە بێلایەنیی دەزگاکەی کردووەتەوە و دەڵێت: دادگاکان وەک دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن، دوور لە ئینتیمای حزبی و سیاسی کار دەکەن و ناچنە ناو چوارچێوەی هیچ ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسییەوە.