دیمەنێک لە پاڵەوانیەتییەکانی هێزی لەش فۆتۆ:964
پاڵەوانیەتیی هێزی لەش بۆ خانمان و بەتەمەنەکان سازدەکرێت
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
پاڵەوانێتی هێزی لەش بۆ هەریەک لە خانمان و یاریزانە بەتەمەنەکان ئەنجام دەدرێت.
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو، لە شاری سلێمانی دوو پاڵەوانیەتیی هێزی لەش بۆ ئاستی خانمان و یاریزانە بەتەمەنەکان (ماستەر) لە جۆری پێنج پرێس بکرێتەوە.
هەژار قادر سەرۆکی لقی سلێمانیی هێزی لەشی کوردستان بە 964ـی وت، لەم وەرزەدا پاڵەوانیەتییەکی هێزی لەشیان بۆ ئاستی پێشکەتووان و لاوان کردووەتەوە، لە بەرنامەشدایە سێ پاڵەوانیەتی دیکە ئەنجام بدەن.
وتیشی، بە پێی پلانی فیدراسیۆنەکەیان لە ناوەڕاستی مانگی ئاب پاڵەوانیەتییەکی کراوەی پێنج پرێس بۆ خانمان ساز دەکەن و لە کۆتایی ئەو مانگەشدا پاڵەوانیەتییەکی ماستەریش بۆ یاریزانی بەتەمەنەکان رێکدەخەن.
یاریی هێزی لەش یەکێکە لەو وەرزشانەی کە لە پارێزگای سلێمانی هەوادارێکی زۆری هەیە و لقی سلێمانیش لە پلانەکانیدایە لە مانگی ئەیلول، دواپاڵەوانیەتیی خۆی لەم ساڵدا بۆ ئاستی پێشکەوتووان بەڕێوە ببات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا