هاتوچۆی هەولێر رێگایەکی بەدیل بۆ شوفێران دیاری دەکات

رێگای کەرکوک – هەولێر بۆ ماوەی 12 کاتژمێر دادەخرێت

ژێوار خدر

بەهۆی کاری گواستنەوەی تاوەری کارەباوە، هاتوچۆی هەولێر بڕیاری داوە ئەمڕۆ هەینی ئاراستەی رۆیشتن بەرەو هەولێر لە رێگای کەرکوک – هەولێر بەشێوەیەکی کاتی دابخات و شوفێران ناچارن رێگایەکی لاوەکی بەکاربهێنن.

هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، ئەو رێکارە بەمەبەستی ئەنجامدانی کارەکانی گواستنەوەی تاوەری کارەبایە، داخستنی رێگاکە لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی دەست پێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 8:00ـی شەو بەردەوام دەبێت. تیمەکانی هاتوچۆ جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە شوفێران رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵی، رێگای بەدیل بەکاربهێنن.

بەپێی رێنماییەکانی هاتوچۆ، ئەو شوفێرانەی دەیانەوێت بەرەو هەولێر بڕۆن، دەبێت لە مەفرەقی قوشتەپە رێڕەوەکەیان بگۆڕن بۆ گوندی گرد مەلا و کانی بزرە و بێستانە بەرەو لاجان بۆ مورتکەی گەورە، پاشان لەوێوە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر رێگای سەرەکی کەرکوک – هەولێر و گەشتی خۆیان تەواو بکەن.