وتەبێژی فێستیڤاڵی هەنار:
پلانی ورد هەیە ئاستەنگی هاتووچۆ لە فێستیڤاڵەکەدا دروست نەبێت
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە و وتەبێژی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، کەشوهەوا خراپ بێت فێستیڤاڵەکە دوادەخەن، پلانی “تۆکمە”ـش هەیە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و دروستنەبوونی جەنجاڵی.
ستار مەحمود، وتەبێژی فێستیڤاڵی هەنار بە 964ـی وت، “بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە بۆ ئەمساڵ پلانێکی ورد و توندوتۆڵی داناوە و لێکۆڵینەوەی وردکراوە لەسەر پلانەکە بۆ ئەوەی لە رۆژانی فێستیڤاڵ ئاستەنگی هاتوچۆ کەمبکرێتەوە.”
ستار مەحمود باسی لە لەباری دۆخی کەشوهەوا کرد لە رۆژانی فێستیڤاڵەکە و وتی: ئامادەکارییەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆن و بەردەوام چاودێری راپۆرتەکانی کەشوهەوا دەکەین هەتا دڵنیا ببینەوە لە گونجاوی کەشوهەوای رۆژانی فێستیڤاڵ و ئەگەر لەبار بوو لەکاتی خۆیدا فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەگەر کەشوهەوا گونجاو نەبوو فێستیڤاڵەکە دوادەخرێت و لە زووترین کاتدا رێکدەخرێتەوە.
بڕیارە رۆژی 28ـی ئەم مانگە فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت. ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بەپێی ئامرێکی حکومەتی هەرێم، ساڵی رابردوو 419 هەزار و 700 کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و کۆی فرۆشیش گەیشتووەتە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا