پڕۆژەی کارەبای ئەگریکۆ لە گەرمیان - وێنە: 964
165 مێگاوات کارەبا دەدات
لە گازێکی ژەهراویەوە بۆ کارەبا؛ پڕۆژەی ئەگریکۆ لە گەرمیان
ئەحمەد مستەفا
لە شوێنێک کە پێشتر غازی زیانبەخش هەڕەشەیەک بوو بۆ ژینگە و تەندروستی، ئێستا هەمان ئەو گازە دەگۆڕدرێت بۆ کارەبا، ئەمەش چیرۆکی پڕۆژەی ئەگریکۆیە لە گەرمیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ژینگەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە غازی دەردراوی بیرەنەوتەکان کۆدەکاتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری دەهێنێت، بەوەش هەنگاوێک بۆ پاککردنەوەی ژینگەی ناوچەکە دەنرێت.
ئەگریکۆ توانای بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبای هەیە، کە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و تۆڕی نیشتمانی دابین دەکرێت.
بەپێی زانیارییە راگەیەنراوەکان، پڕۆژەکە رۆژانە 42 ملیۆن پێی سێجا غازی دەردراو لە بیرەنەوتەکان دەگۆڕێت بۆ کارەبا، واتە ئەوەی پێشتر بە شێوەی گاز دەچووە ناو هەوا، ئێستا دەکرێتە سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی وزە.
بەم شێوەیە، گەرمیان تەنیا پڕۆژەیەکی نوێی کارەبای بەدەست نەهێناوە، بەڵکو پڕۆژەکە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکانی غازە دەردراوەکان و گۆڕینی ئەو سەرچاوەیە زیانبەخشە بۆ وزەی بەسوود.