“ماتۆڕدزه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیر كرا”


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

مەفرەزەكانی پۆلیسی نووسینگەی چەمچەماڵی نەهێشتنی تاوان، دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە ماتۆڕسكیلیان دزیبوو، یه‌كێكیان دانی به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌، دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەك لە سنووری قەزای چەمچەماڵ سكاڵایان تۆماركرد، كە ماتۆڕسكیلیان لێدزراوە، هێزەكانی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتباره‌كه‌ بدۆزرێتەوە و دەستگیری بكه‌ن”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، تاوانبارێكیان دانی بە چەندان تاوانی دزیكردن لە سنووره‌كه‌دا ناوه‌.

پۆلیسی سلێمانی ده‌ڵێت، لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوون، تا ئەوكاتەی لەسەر هەمان دۆسیە تۆمەتبارێكی دیكه‌ دەستگیر كرا، ئێستاش بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دانیان ناوە بە چەندان تاوانی دزیكردن .