دیپۆتکردنەوەى کرێکارە پاکستانییە شیعە مەزهەبەکان لە ئیماراتەوە
هەڵمەتەکە بەردەوامە
ئیمارات هەزاران کرێکاری پاکستانیی شیعە دیپۆرت دەکاتەوە
وریا فەتاح
بەبێ کار، بەبێ کەلوپەل و بە گیرفانی بەتاڵ، سەدان کرێکاری پاکستانیی شیعە مەزهەب لە ئیماراتەوە دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان. راپۆرتە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی تایبەت بە شەڕی ئێران، ئیمارات دەستی بە هەڵمەتێکی گەورەی دیپۆرتکردنەوەی شیعەکان کردووە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوە پاکستانییەکان، تەنیا لە کۆتایی مانگی شوباتەوە کە سەرەتاى شەڕى ئیسرائیل و ئەمریکایە لە دژى ئێران، زیاتر لە حەوت هەزار و 500 پاکستانیی شیعە لە ئیماراتەوە دەرکراون.
هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی پاکستان لە راگەیەندراوی فەرمیدا دەڵێت هۆکاری دیپۆرتکردنەوەکان “سەرپێچیی یاساکانی مانەوەیە نەک مەزهەب”، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە: زۆرینەی رەهای دیپۆرتکراوەکان شیعەن، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دیپلۆماسییەوە حکومەت ناتوانێت بە ئاشکرا قسە بکات.
چیرۆکی ئەوانەی دیپۆرت کراونەتەوە زۆر لە یەک دەچێت، پۆلیسی ئیمارات دەستبەسەری کردوون، لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا پرسیاری ئەوەیان لێکردوون کە “ئایا پارە بۆ ئێران دەنێرن؟”، دواتریش بەبێ مۆبایل و پاشەکەوتی داراییەکانیان، خستوونیەتە ناو فڕۆکە و گەڕاندوونیەتەوە بۆ پاکستان. یەکێک لە کرێکارەکان دەڵێت: “دوای ساڵانێک کارکردن، لە چاوتروکانێکدا گەڕاینەوە خاڵی سفر”.
ئەم دۆخە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی هێناوەتە دەنگ. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە کە راپۆرتەکانی دیپۆرتکردنەوەی شیعەکان “زۆر مەترسیدارن” و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی جدی لەو پێشێلکارییانە کردووە.