دیمەنی دەستبەسەرداگرتنی چەند جۆرێک لە ماددەی هۆشبەر - وێنە: 964
رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرە
ماددە هۆشبەرەکان: لیژنەی هاوبەش بۆ بەسەرکردنەوەی بەردەوام پێکهێنراوە
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، پلانێکی فراوانیان بۆ هۆشیارکردنەوە و چاودێریکردنی بازاڕ گرتووەتە بەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەوڵانە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ماددەی هۆشبەرە.
ئەمڕۆ 26.6.2026، لە جیهان رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیی نایاساییە پێیانەوە: ئەم رۆژە لە ساڵی 1987وە دیاری کراوە بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر و بەهێزکردنی ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنبڕکردنی.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، چەندین سمیناری لە ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان کردووە، لە رووی مەیدانیشەوە، زیاتر لە 460 پۆستەری هۆشیاری کە زیانە جەستەییەکانی ماددەی هۆشبەر رووندەکەنەوە لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون، هاوکات 16,000 نامیلکەی هۆشیاری بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون.
هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، مینبەری مزگەوتەکان لە ڕۆژانی هەینیدا بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەم ژەهرە بەکارهێنراون، سەبارەت بە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لیژنەی هاوبەش بۆ بەسەرکردنەوەی بەردەوامی کافترییا، ڕێستۆرانت و دەرمانخانەکان پێکهێنراوە.
لەم چوارچێوەیەدا رێنمایی دراوە بە زیاتر لە 1,600 نۆرینگە، دەرمانخانە و کۆمپانیای دەرمان و بەڵێننامەی پابەندییان لێ وەرگیراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دەرمانی پزیشکیی کۆنتڕۆڵکراو، هەروەها زیاتر لە 110 کۆمپانیای هێنان و گواستنەوەی کەلوپەل بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر.
گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، توێژی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 40 ساڵ زۆرترین ئامانجی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن، ئامارەکان دەریدەخەن کە 80%ـی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2025دا دەستگیرکراون، لەم گرووپە تەمەنییەدان، هەروەها زنانیش لەم مەترسییە بەدەر نین، بەوپێیەی لە کۆی دەستگیرکراوانی ساڵی رابردوو، 4%ـیان لە رەگەزی مێ بوون.