دوێنێ شەو روویدا؟ لێرە هەمووی بزانە

ترەمپ دەڵێت ئێران رازی بووە چەکی ئەتۆمی نەبێت و ناتەنیاهۆش رەتی دەکاتەوە لە لوبنان بکشێتەوە

هەژان هادی

دوێنێ بەهەر هۆیەک ئاگاداری دوایین رووداو و هەواڵە گرنگەکان نەبوویت، کێشەت نەبێت، لێرە هەمووی بە پوختی دانراون.

لە عێراق و هەرێمی کوردستان مەراسیمی عاشورا دەستیپێکرد و موسڵمانانی شیعە مەزهەب لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە بەشداری تێدە دەکەن.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا دەربارەی هورمز و ئێران دەڵێت، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و 100% رازی بووە بەوە، گورزێکی کوشندەمان لە ئێران وەشاند و ئێستا ئێمە لە پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستانیان لەگەڵ دەکەین، دوێنێش 19 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی کە ئەوە ژمارەیەکی مێژووییە.

ترەمپ وتیشی: دەبوو دژی ئێران بجوڵێینەوە، چونکە ئەگەر ببووایە بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە چەند کاتژمێری سەرەتادا دژی ئیسرائیل بەکاری دەهێنا.

لەلایەکی دیکەوە رافایل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت، هیوادارین بتوانین بەمزووانە پسپۆڕەکانمان ببەینە ناو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، وتیشی: وردەکاری کارەکانمان لە ئێران و پێکهێنانی لیژنەی تەنسیق تایبەت بە پرۆسەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دیاری دەکرێت.

سەبارەت بە لوبنان و ئیسرائیل بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە جەزیرەی راگەیاند، شاندی هەردوو وڵات ئەمڕۆ درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن بەئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک.

لەلای خۆیەوە ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە لەوەی لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە و تا ئەو کاتەی پێویست بێت تێیدا دەمێننەوە، لەوێشەوە بەرگری لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەکەن.

یارییەکانى مۆندیالیش بەردەوامن و ئەنجامەکانى شەوى رابردوو و ئەم بەرەبەیانە بەم شێوەیە بوون:

ئیكوادۆر 2 ئەڵمانیا 1

هۆڵەندا 3 تونس 1

کۆتدیڤوار 2 کۆراساو 0

یابان 1 سوید 1

تورکیا 3 ئەمریکا 2

پاراگوای 0 ئوسترالیا 0