لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق

پسوڵەی خۆراکی هەڵەبجە؛ تەنیا قۆناغی “جیاکردنەوە” کارایە

ئەحمەد مستەفا

بۆ ئەو هاوڵاتییانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی پسوڵەی خۆراکی هەڵەبجە رێکارەکانی جیاکردنەوەی فۆرم رووندەکاتەوە و دەڵێ،  تەنیا جیاکردنەوە کارایە، ژن هێنانە سەرناوی خۆتان ماویەتی لە پسوڵەکەدا.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پسوڵەی خۆراکی هەڵەبجە، رێکارە نوێیەکانی جیاکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بۆ ئەو هاووڵاتییانە ئاشکرا دەکات کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هاوسەرگیرییان کردووە، و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پڕۆسەکە بە دوو قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ئێستادا تەنیا قۆناغی “جیاکردنەوە” لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا کارایە. ڕێکارەکان بەم شێوەیەن:

قۆناغی یەکەم (جیاکردنەوە): هاوڵاتی (پیاو) دەتوانێت داواکاریی جیاکردنەوە پێشکەش بکات. ئەگەر خاوەن منداڵ بن، دەتوانن منداڵەکانیش لەسەر فۆرمە نوێیەکە تۆمار بکەن یان لە فۆرمی ماڵی باوکیان جیای بکەنەوە.

قۆناغی دووەم (گواستنەوە): بۆ زیادکردن و گواستنەوەی ناوی هاوسەر (ژن)، هاووڵاتییان دەبێت چاوەڕێی کارابوونی خزمەتگوزاریی گواستنەوە بکەن.
مەرجەکان بۆ پڕۆسەی جیاکردنەوە بەڕێوەبەرایەتییەکە مەرجە یاساییەکانی بۆ ئەو پڕۆسەیە دیاری کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بوونی کارتی نیشتمانی و بەڵگەنامەی هاوسەرگیری پێویستە:

ئەگەر کارتی نیشتمانی نوێ بێت: ئەگەر هەردوو هاوسەر کارتی نیشتمانییان نوێ کردبێتەوە و خاوەنی هەمان “ژمارەی خێزانی” بن، پێویست بە پەسەندکردنی (تەسدیق) گرێبەستی هاوسەرگیری ناکات و گرێبەستە کۆنەکەش بەکاردێت.

ئەگەر کارتی نیشتمانی نوێ نەبێت: لەو حاڵەتەدا کە کارتی نیشتمانییان نوێ نەکراوەتەوە و ژمارەی خێزانییان یەک نییە، پێویستە پێش جیاکردنەوەی فۆرمەکە، یان کارتی نیشتمانییان نوێ بکەنەوە یان گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان بۆ ساڵی 2026 پەسەند بکەن.