"برینی بەشێکیان سەختە"

بریندارانی مەراسیمی عاشورا لە خورماتوو 300 کەسی تێپەڕاند

سیروان خورشید – خورماتوو

ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی لە خۆدان و بەکارهێنانی “زنجیر، قامە و شمشێر” لە رێرورەسمی عاشورا لە خورماتوو برینداربوون، 300 کەسی تێپەڕاند و ئامارەکە لە زیاتر بووندایە.

ئەمڕۆ لەخورماتوو مەراسیمی عاشورا بەڕێوەدەچێ، بەشێک لە بەشداربووان بە مەبەستی دەربڕینی سۆز و هاوخەمی رێوڕەسمەکە و بە بەکارهێنانی زنجیر و قامە و شمشێر لەخۆیان دا، تائێستا 300 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی قەزاکە.

​عەلی فەلاح، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتی نەخۆشخانەی گشتی خورماتو بە 964ـی وت، لە سەرەتای دەستپێکردنی بەڕێوەچونی مەراسیمەکە، ژمارەیەکی زۆر بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان و تا ئێستا ژمارەی برینداران 300 کەسی تێپەڕاندووە.

ئەوەش بەهۆی بەردەوامی مەراسیمەکان و ئەو وتی، هێشتا تیمەکانی فریاکەوتن لە ئامادەباشیدان و رەنگە ئامارەکە زیاتر بەرز ببێتەوە، وە بەشێکیان برینیان سەختە و بەهۆی ئەوەی قامەو شمشێریان لەسەر و سنگیان دا لەژێر چاودێری پزیشکدان و بەشێکی دیکەیان برینیان سوک بووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوه و نەخۆشخانەیان جێهێشتووه.

وممەتی ئیسلامی، بەتایبەتی شیعەکان، ساڵانە یادی عاشورا دەکەنەوە لەخۆدان و گریانیان بۆئەوەیە خودا لەو گوناهە پاکیان بکاتەوە کە بەهۆی پشتێکردنی خەڵکی کوفە بووە هۆکاری ئەوەی ئیمامەکەیان شەهید ببێ.

مێژوونووسان دەگێڕنەوە، حسێن كوڕی عەلی كوڕی ئەبو تاڵب “کە رەوتی زۆرینە شیعە بە ئیمامی خۆیانی دەزانن” لە ساڵی 680ی زایینیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكار و یاوەرانی لە حیجازەوە ڕوویان لە كوفە كرد بۆ داواكردنی خەلافەت دوای ئەوەی بانگێشتی لە خەڵكی عێراقەوە پێگەیشت. ئەوكات یەزیدی كوڕی معاویە خەلافەتی گرتبووە دەست بەهۆی مردنی باوكیەوە معاویەی كوڕی ئەبو سوفیان-ی خەلیفەی ئەمەویی یەكەم.

بەڵام والیی یەزید لە بەسڕە و كوفە هێزێكی ڕەوانەكرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیمام حسێن و ژمارەیەكی كەمی شوێنكەوتووانی، بەهۆیەوە ناچاربوون گەشتەكەیان بەرەو كەربەلا بگۆڕن. لەوێ گەمارۆدران و ڕێگەیان پێنەدرا دەستیان بە ئاوی فوڕات بگات، پاش دەستپێكردنی شەڕ لەنێوانیاندا هەر لەوێ كوژران، ژن و منداڵەكانیشیان بەدیل گیران، كە لە نێوانیاندا زەینەب-ی خوشكی و ئیمامی چوارەمی شیعە هەبوو، كوشتنی حوسێن لە سەرەتای مانگی موحەڕەم-دا بوو.

موحەڕەم
مانگی موحەڕەم یەکەمین مانگی ساڵنامەی کۆچی-یە لە ئیسلامدا، یەکی موحەڕەم ڕۆژێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و بە سەری ساڵی ئیسلامی ناوزەند دەکرێت.
واتای وشەی “موحەڕەم” لە زمانی عەرەبیدا بریتییە لە “قەدەغەکراو”. بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە، چونکە لە ئیسلامدا بەرپاکردنی جەنگ و خوێنڕشتن و کوشتن لەم مانگەدا قەدەغەیە.

دیاریکردنی مانگی موحەڕەم وەکو سەرەتای ڕۆژمێری کۆچی لە کۆتا ڕۆژی مانگی زولحیجە لە ساڵنامەی کۆچی، لە ڕێگەی بینینی مانگەوە فەلەکناسانی ئیسلامی یەکەم دیاریدەکەن. لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتاب ساڵنامەی کۆچی دیاریکرا و بە فەرمانی ئەو دانرا، ڕووداوی کۆچی پێغەمبەری ئیسلام و ئەبوبەکری سدیقی هاوەڵی لە مەککەوە بۆ مەدینە بووە دەسپێکی ساڵنامەکە، مانگی موحەڕەم بە یەکەمین مانگ هەڵبژێردرا.