داوایەک ئاڕاستەی جوتیاران کرا

ئێوە پارێزەری خاکن، پوش و پاوانەکانتان مەسووتێنن

ئەحمەد مستەفا

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بانگەوازێک بۆ جوتیارەکانی کوردستان دەنێرێ و دەڵێ، ئێوە پارێزەری خاک و سروشتی ئەم وڵاتەن، تکایە پەرێز و پوش و پاوەنەکانتان مەسووتێنن.

ئاگر لە پەرێزەکاندا تەنیا پوشێک ناسووتێنێت، بەڵکو، هەموو ئەو زیندەوەر و ئاژەڵە کێوییانە لەناودەبات کە لەو ناوچانەدا لانەیان کردووە.

مەعروف مەجید سەرۆکی رێکخراوەکەیە و خەمی ئەو سووتانی پاشماوە و پووشی پاش دروێنەیە و بە 964ی وت، ئەوکارە سەرچاوەی خۆراکی ئاژەڵەکان لەناو دەبات و دەبێتە هۆی برسیبوون و کۆچکردنیان.

هەروەک بۆنی دووکەڵ و گازی ژەهراوی دروست دەکات کە زیان بە تەندروستیی و کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش دەگەیەنێت.

سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێ، بەزەیی جوتیارەکان، نیشانەی گەورەیی و مرۆڤایەتیە، چونکە ئەوانەی بەزەییان بە هەبووانی سەر زەویدا دێت، ئەوانەی ئاسمان بەزەییان پێیاندا دێتەوە، وەک مەعروف مەجید وتی، با پێکەوە رێگری لەم کارە بکەین و خاکی کوردستان بە سەوزی و ئاوەدانی بهێڵینەوە.