بنکەکان لە سعودیە و کۆیت-ن

ئەمریکا لە گواستنەوە بنکە سەربازییەکانی نزیک ئێران دەکۆڵێتەوە

ئەحمەد مستەفا

وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی ئەگەری هەیە لەلایەن ئێرانەوە بەر هێزەکانی ئەمریکا بکەوێت لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر پێکدادانێکی نوێ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەیەوێ بنکەکانی نزیک ئێران چۆڵ بکات.

ئەمڕۆ هەینی 26.6.2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پنتاگۆن خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە هەریەکە لە وڵاتانی سعودیە و کوێت.

بەهۆی ئاسان پێکانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ مەودای موشەکەکانی ئێران، وایکردووە واشنتۆن سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە ستراتیژی مانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا بکات، یەکێک لە بژاردە پێشنیارکراوەکانیش گواستنەوەی بەشێک لەو بنکە سەربازییانەیە لە سعودیە و کوێتەوە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل.

سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە دوای دەسپێکی گرژییەکانی 28.2.2026، نزیکەی 20 دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەهۆی هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووە.